کەمپەینی پشتیوانی لە دامەزرێنەری "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان" محەمەد سدیق کەبوودوەند


محەمەد سدیق کەبوودوەند لە دژی گوشار و نادادوەریەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر خۆی و بنەماڵەکەی لە ڕێکەوتی٢٦ی مانگی مەی ٢٠١٢ بۆ جاری دووەم دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. بە پێی زانیاریەکان ناوبراو لە ڕەوشێکی دژواری دەروونی و جەستەیی دایە و تەندروستی ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە.
کەبوودوەند  بۆ جاری یەکەم لە سەرەتای مانگی مەی بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن و دووای ئەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەڵێنیان پێیدا داخوازیەکانی لەبەرچاو بگرن، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا؛ بەڵام بە هۆی پشت گوێ خستنی ئەو داخوازیانە جارێکیتر دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.
جێی ئاماژەیە" پژمان کەبووەند" کوڕی ناوبراو تووشی نەخۆشینێکی دژواری خوێنی بووەتەوە  و پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە نەخوشینەکەی چارەسەری نییە؛ یەکێک لە داخوازیەکانی محەمەد سدیق کەبوودوەند بینی کوڕەکەیەتی کە لەگەل مەرگدا دەست و پەنجە نەرم دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کەبوودوەند لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا تا ئێستا دوو جار تووشی شەپڵە ( سەکتە) بووتەوە و سیەکانی تووشی نەخوشی بووەتەوە و سەرەڕای ئەوەی پزیشکەکانی گرتووخانەی" ئێوین" ڕایانگەیاندووە لە ناو گرتووخانە ناتوانن ناوبراو چارەسەر بکەن، کار بەدەستانی دەزگای داد پێشگیریان کردووە لە چارەسەری ناوبراو.

پێشینە
محەمەد سدیق کەبوودوەند لە ڕێکەوتی ٢٢ی مارسی ١٩٦٣ لە شاری دیواندەر لە پارێزگای کوردستان لە دایک بووە، ناوبراو خاوەنی ٣ منداڵە. کەبوودوەند خاوەنی بڕوانامەی کارناسی بەڕێوەبەری بازرگانی و کارناسی باڵای "ماڵی"یە و خوێندنی لە بەشی کارناسی باڵای مافی نێونەتەوەیی بەهۆی دەستبەسەر بوونی هەروا ماوەتەوە.
کەبووەند لە هاوینی ساڵی ١٩٩٧ لەگەل کۆمەڵێک لە چالاکان ڕێکخراوی" یەکیەتی بۆ دیموکراسی لە ئێران"یان دامەزراند. لە دێسامبری  ٢٠٠٣ هەفتەنامەی" پەیام مەردم"ی بە زمانەکانی کوردی و فارسی دامەزراند. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٩ی ئاڤریلی ٢٠٠٥" ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان"ی دامەزراند.
لە مانگی ژوئەنی ٢٠٠٧ کەبوودوەند لە لایەن هێزە ئاسایشیەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراو و بە تۆمەتی هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و دامەزراندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ڕوبەڕوی سزای ١٠ ساڵ زیندان بووەوە، هەروەها بە هۆی هەوڵدان لە دژی نیزام لە رێگای پەیوەندی کردن بە ڕێکخراوە مرۆییەکان و  پەیوەندی لەگەل سکێرتێری ئەو کاتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیوەندیکردن بە میدیاکانەوە ڕووبەڕووی سزای ساڵێک زیندان کرایەوە سزای ١١ ساڵ زیندانی ناوبراو لە لایەن لقی ٥٦ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران پشتڕاست کرایەوە.
کەبوودوەند لە ساڵی ٢٠٠٩ خەڵاتی" هێلمەن هێمت" ی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی چاودێری مافی مرۆڤی تایبەت بەو نووسەرانەی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدان وەرگرت؛ هەروەها ساڵی ٢٠٠٩ خەڵاتی چاپەمەنی دەوڵەتی بەریتانیای وەک "ڕۆژنامەوانی نێونەتەوەیی ساڵ"ی پێبەخشرا.
سەرۆکی ڕێخراوی مافی مرۆڤی کوردستان تا ئێستا ٣ کتێبی بڵاو کردووەتەوە بە ناوەکانی:
-          نیوەکەیتر( تایبەت بە مافی ژنان)
-          دۆزەخی دیموکراسی
-          بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی
لە کۆتاییدا بە سەرنجدان بە ڕەوشی کەبوودوەند ئاگادارتان دەکەینەوە رەوشی تەندرووستی ناوبراو مەترسیدارە و شیمانەی هەچ ئەگەرێک لە ئارادایە هەر بۆیە  وێڕای پشتیوانی کردن لە داخوازیە ڕەواکانی دامەزرێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە لایەنە بەرپرسیارەکان دەکەین، بە هەموو ڕێکارەکان گوشار بخەنە سەر کاربەدەستانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی تا وێڕای جێبەجێکردنی داخوازیە ڕەواکانی کەبوودوەند بە زووترین کات ناوبراو ئازاد بکەن، کە تەنیا بە هۆی داکوکی کردن لە مافەکانی مرۆڤ  ڕوبەڕوی سزایەکی وا نادادوەرانە بووەتەوە.

ڕێکخراوی ژنان ئازەرمێهر کوردستان
2012-06-06
کۆپی دنێردرێت بۆ هەریەکە لە:
کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان  fhochschild@ohchr.org
ڕێخکراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی  iran_team@amnesty.org
ڕێکخراوی بەرگری نێونەتەوەیی  post@defendinternational.org
ڕێکخراوی نێونەتەوەیی چاودێری مافەکانی مرۆڤ  hrwpress@hrw.org
پڕۆژەی گرووپی مافی مرۆڤی کورد – بریتانیا  khrp@khrp.org

No comments:

Post a Comment